PAZADIK: رۆژنامه‌ی "جمهوری اسلامی"، چاپی تاران له ژماره‌ی رۆژی 9 پووشپه‌ڕی دا، به‌چاپی بابه‌تێکی ناڕاست و چه‌واشه‌کارانه له‌سه‌ر ئایینی یارسان و داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی یارسانیان، بێ رێزییه‌کی راشکاوی به ئایینی یارسان و په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه کردووه.
چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تێکی وا له رۆژنامه‌یه‌کی فه‌رمی سه‌ر به حکومه‌تدا، درێژه‌ی سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ئایینی و مه‌زهه‌بیی ئه‌و نه‌ته‌وه و که‌مایه‌تییه ئایینی و مه‌زهه‌بیانه‌یه که نه‌ته‌وه و دین و مه‌زهه‌بی جیاواز له نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و دین و مه‌زهه‌بی فه‌رمیی ئێرانن. هاوکات بێحورمه‌تی به نه‌ته‌وه‌ی کورده؛ چوونکه یارسانه‌کانی کوردستان، رۆڵه‌ی ره‌سه‌نی کورد و پارێزه‌ری به‌ئه‌مه‌گی خاک و زمان و ناسنامه‌ی کوردستان و خاوه‌نی داب و نه‌ریت و ره‌وشتی به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تین.
پارتی ئازادیی کوردستان PAK، ئه‌م په‌لامار و ده‌سدرێژیه‌ی رۆژنامه‌ی "جمهوری اسلامی" له دژی ئایینی یارسان و په‌یڕه‌وانی به‌توندی مه‌حکوم ده‌کا و له‌م ده‌رفه‌ته که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ دووپات کردنه‌وه‌ی پشتیوانی له خوشک و برایانی کوردی یارسانی و پێداگرتنه‌وه له‌سه‌ر هه‌رچی زیاتر به‌هێزکردنی هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تی و یه‌کێتی ریزه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه.
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیته‌ی راگه‌یاندن
20 پووشپه‌ڕی 2710
11 جولای 2010